کۆرۆنا بەخێرایی بە ئێراندا بڵاودەبێتەوە و لەدوای چین زۆرترین ڕێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لەم وڵاتەیە، ئەمریکاش دەڵێ، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوکاری خۆیان بۆخەڵکی ئێران ڕاگەیاندوە.
مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی قسەی کرد، لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران ڕایگەیاند، بۆ هەموو جیهان و ناوچەکەشمان ڕوونکردووەتەوە کە یارمەتیدانی مرۆیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران شتێکە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەتەواوی پاڵپشتی لێدەکات. ئێمە بەردەوام دەبین لەو پاڵپشتیکردنە. هەر وڵاتێکی دیکەش بێت هەمان شتی بۆ دەکەین، ئێمە هێزی دیپلۆماسی و تواناکانمان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی هاوکاری تکنیکی و پزیشکی بگەیێنینە هەرشوێنێک کە بتوانین .
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژێرخانی بەشی تەندروستیی ئێران باش نییە، کۆنە. زانیاریی کاربەدەستانی دەوڵەت لەسەر ئەوەی کە چی لە ئێران دەگوزەرێت دروست نییە. من زۆر نیگەرانی ئەوەم کە کۆماری ئیسلامی ئێران نایەوێت ئەو زانیاریانە بڵاوبکاتەوە کە سود بە خەڵکی ئێران دەگەیەنن.
شایانی باسە کە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی باس لە گیانلەدەستدانی ٣٤ کەس دەکەن کەچی هەواڵدەرییەکان ئاماری سەدان کەس بڵاودەکەنەوە و لەو نێوانەدا هەواڵدەریی “بی بی سی” لە تازەترین ئاماری خۆیدا ڕایگەیاند کە ٢١٠ کەس بە هۆی کۆرۆناوە لە ئێران گیانیان لەدەستداوە و هەر بەهۆی کۆرۆناوە کە چوار پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە تووشی بوون، پەرلەمانی ئێران کۆبوونەوەکانی هەڵپەساردوە.