گوشار بۆسەر بنەماڵەی قوتابیان لە لایەن هێندێک لە قوتابخانەکان بۆ دابین کردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بەردەوامە.
بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی دیواندەرە بە ناردنی نامەیەک بۆ بنەماڵەی قوتابیان داوایان لە بنەماڵەکانیان کردوە کە تێچووی ئاو و بڕق و گاز بۆ قوتابخانەکان دابین بکەن.
بەڕێوەبەری یەکێک لە قوتابخانەکانی کچان بە ناردنی نامەیەک بە بنەماڵەی قوتابیانی ڕاگەیاندوە ئەگەر بێتوو خەرجییەکانی ئاو و بڕق و گاز بۆ قوتابخانە دابین نەکەن کارنامەی دەرچوون بە قوتابییەکانیان نادرێتەوە.
مافی خوێندن لە مافە سەرەتاییەکانی مافی مرۆڤە کە لە زۆربەی یاسا جیهانییەکان باسی لێکراوەو دەبێ ئەو مافە بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بێ جیاوازی ڕەگەزی، ئایینی و نەتەوەیی وەک یەک بێت.
ئەو مافە لە مافە هەر سەرەکییەکان لە ژیانی هەر کەسێکدا بە ئەژمار دێت و لە بەندی ٢٦ی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتیەکان باسی لێکراوەو ئێرانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی ئیمزای کردوە، کە بە پێی بەندەکانی ئەو یاسایانە دەبێ خوێندن بۆ هەموو کەس بێ جیاوازی بێت، قوتابخانەکان لە شوێنی نزیک لە ماڵەکان بن کە هاتووچۆ بۆیان ئاسان بێت و هەروەها لە ڕووی ئابووریشەوە پێویستە خوێندن لە قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی بەخۆڕایی بێت.
لەگەڵ ئەوەی ئێران ئەو کۆنوانسیۆنانەی ئیمزا کردوەو لە ئەسڵی ٣٠ ی قانوونی باسی لە خوێندنی بەخۆڕایی کردوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا دۆخی قوتابخانەکان لەوپەڕی خراپی خۆیدایەو لە سەرەتاییترین پێویستییەکانی خوێندن بێبەشن و گوشارەکانیش لەسەر بنەماڵەکان ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندایە کە ئەمەش هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری و دەست لەکارکێشانەوەی قوتابیانە.
شایانی باسە،بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران دۆخی ئابووری ئەم وڵاتە لە خراپ بووندایەو گوشارەکانیش بۆسەر خەڵک لە هەموو بوارەکان لە زیادبووندایە، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەشی زۆری داهاتی ئەم وڵاتە بۆ پڕچەک کردنی گرووپە تیرۆرستییەکان و بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنرێت، بەڵام گرینگترین کەرتی کۆمەڵگە کە پەروەردەو فێرکردنە کەمترین بودجەی ساڵانەی بۆ دابین کراوە.











