لە ئێران ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە زیادبووندایە و بە وتەی کاربەدەستانی ئێران ژمارەی تووشبووان بەو فایرۆسە گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٨٨ کەس و ئەوەش بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆسەر ژیانی خەڵک و تا ئێستا دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٣٤ کەس و سەرجەم کەسانی تووشبوو بەو فایرۆسە ٣٨٨ کەسە.
بە پێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، تاوەکوو پیشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ٦٤ کەس لە تاران، ٢٥ کەس لە گەیلان، ١٦ کەس لە مازەندەران، یەک کەس لە ئەردەبیل و ٣ کەس لە ئەلبوورز تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونەو بەوەش ژمارەی تووشبووان لە بەرزبوونەوەدایە.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە سەرەتا لە وڵاتی چین سەری هەڵدا، بەهۆی خەمساردی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە زوویی شارەکانی ئێرانی گرتەوە.
شایانی باسە، بە پێی سەرچاوە هەواڵییەکان ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا زۆرر زیاتر لەو ئامارانەیە کە وەزارەتی تەندروستی ئێران بڵاوی دەکاتەوە و ئێران نایهەوێ زانیاری تەواو لەم پەیوەندییەدا بڵاو بکاتەوە.
هەر لەم پەیوەندیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا “مایک پۆمپیو” لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، لە دوای چین، ئێران دووەم وڵاتە کە زۆرترین کەس بەهۆی کۆرۆناوە تێیدا گیانیان لەدەستدابێت و دەڵێت “ڕەنگە ئێران زانیاری گرنگی لەبارەی کۆرۆنا شاردبێتەوە و دەبێت ڕاستییەکان بڵێن”.
هەروەها وتی ئەمریکا نیگەرانە سەبارەت بەو زانیارییانەی ئێران بڵاوی دەکاتەوە ،چونکە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وردەکاری گرنگی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە وڵاتەکەی شاردبێتەوە.