یه‌عقووب ئهلحهلوو، نوێنه‌ری شورای مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له سووریه ده‌ڵێ بێتوو نائارامییه‌کان له سووریه به‌رده‌وام بن، تا کۆتایی زستانی ئه‌مساڵ یه‌ک میلیۆن که‌سی دیکه‌ش به ئاواره‌کانی سووریه زیاتر ده‌بن.
به‌پێی ڕاپۆرتی ” گاردیه‌ن” ئه‌و کاربه‌ده‌سته‌ی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێ له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵی زایینییه‌وه تا ئێستا زیاتر له یه‌ک میلیۆن که‌سی سووری ناچار به چۆڵکردنی شار‌و گوندهکانیانو به‌جێهێشتنی ماڵ‌و حاڵیان بوون‌و؛ بێتوو به په‌له چاره‌سه‌رێک بۆ کۆتاییهێنان به شه‌ڕو پێکدادانه‌کان له‌و وڵاته نه‌کرێ، ئه‌وا ئه‌وانیش ڕوو له وڵاتانی ده‌ره‌وه ده‌که‌ن.
یه‌عقووب ئهلحهلوو له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی ئه‌و هه‌واڵه داوای له کۆڕ‌و کۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان کردوه یارمه‌تیی زیاتری ئاواره‌کان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و زستانه له وڵاتی خۆیاندا بمێننه‌وه. ئه‌و هۆکاری ڕووتێکردنی په‌ناخوازه‌کان بۆ وڵاتانی ئورووپایی بۆ قه‌یرانه نێوخۆییه‌کانی وڵاتانی دراوسێی سووریه‌و نه‌بوونی ئیمکاناتی وه‌رگرتنی په‌ناخوازه‌کان له‌و وڵاتانه گه‌ڕانده‌وه و وریایی دا ئورووپا به‌سه‌ر هه‌مان بارودۆخ‌و هه‌لومه‌رجدا ده‌که‌وێته‌وه که بۆ چاره‌سه‌ر کردنی کۆمیساریای به‌رزی مافی مرۆڤ له ساڵی ١٩٥٠ دا دامه‌زرا.
شایانی باسه له ده‌سپێکی نائارامییه‌کانی سووریه له ساڵی ٢٠١١ را تا ئێستا ٢٥٠ هه‌زار که‌س له‌و وڵاته کوژراون‌و نیزیک به 7 میلیۆن‌و ٦٠٠ هه‌زار که‌س له شار‌و گونده‌کانی خۆیان ئاواره بوون که 4 میلیۆن که‌س له‌وان په‌نایان بۆ وڵاتانی دیکه بردوه.