بەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، “شێخ تەمیم”، ئەمیری وڵاتی قەتەر، بڕیاری داوە کە هاووڵاتیانی قەتەری کە لە ئێرانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان.
ڕۆژی چوارشەممە ٧ـی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاوی، شێخ تەمیم بن حەمد، ئەمیری قەتەر دەستووری داوە کە هەرکەس لە خەڵکی وڵاتی قەتەر کە لە ئێرانە، بە خێراترین کات بگەڕێتەوە و لە ئێران بچێتە دەرەوە. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی ئەوەیکە زۆربەی وڵاتانی دراوسێی ئێران پێوەندییان لەگەڵ ئەو وڵاتە بپچڕێنن. تورکیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا گەشتە ئاسمانییەکانی خۆی بۆ وڵاتی ئێران داخست. جێگای ئاماژەیە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە، تا ئێستا ١٩ کەس بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو ڤایرۆسە بە ١٨ پارێزگای ئێران گەیشتووە و ١٣٩ کەسی تووش کردووە. هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وڵاتانی قەتەر و ئیماراتیش گەشتە ئاسمانییەکانی خۆیان بۆ ئێران ڕاگرت.
ناوەندی فڕۆکەوانیی قەتەر پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە فڕۆکەخانەکانی دۆحەدا، تەواوی گەشتیارەکانی کورەی باشوور و ئێران و ئەو وڵاتانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوونە دەپشکنن و بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ قەرەنتینەیان دەکەن. هەر لەو پێوەندییەدا سەفارەتی ئێران لە قەتەر ڕایگەیاندووە کە خەڵکی ئێران بۆ قەتەر نەچن و سەفەرەکەیان بخەنە دواوە.
کونسوولی ئێران لە ئیمارات ڕایگەیاندووە کە ئەو بڕیارەی قەتەر بووتە هۆی نیگەرانی و سەرلێشێواوی هاووڵاتیانی ئێرانی و تووشی کێشە و گیروگرفت بوون.