لە تازەترین هەواڵدا وەزارەتی بەرگریی تورکیە دەڵێ، دوو سەربازی تورک لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ئیدلب کوژراون.
وەزیری بەرگری تورکیە وتی: “دوو سەربازی تورک لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر هێزەکانی تورکیە لە ئیدلبی سووریا کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون”.
هەروەها وتیشی وەکو وەڵامدانەوەیەک هێزەکانی تورکیە تەقەیان لە ئامانجە سەربازییەکانی حکومەتی سووریە کردووە.
جێگای ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی تورکیەڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی ” تاوەکو کۆتایی ئەم حەفتەیە بە هەر شێوەیەک بێت هێزەکانی حکومەتی سووریە بۆ دەرەوەی خاڵە چاودێرییەکانی تورکیە لە ئیدلبی سووریە وەدەردەنێین.
شایانی باسە، کە تورکیە و سووریە پێشتر بە نێوبژیوانی ڕووسیە لەسەر هێندێک ناوچە ڕێککەوتبوون، بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دواییانە دەریدەخات کە سووریە دەیهەوێ بە پشتیوانی ڕووسیە بەتەواوەتی تورکەکان لە وڵاتەکەی بکاتە دەرەوە و تورکیەش پێداگری لەسەر مانەوەی هێزەکانی و پشتیوانیان لە گرووپە تێرۆریستییەکانی دژی بەشار ئەسەد دەکا و تا ئێستا چەند جار هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی یەکتر ودەیان کوژراو و برینداریشیان هەبووە