کۆمپانیایەکی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنان و ١٥ کەسی دیکەی ئەو ڕێکخراوە لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆیان خرایە سەر.
ڕۆژی چوارشەممە، ٧ـی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاوی، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا گەمارۆی نوێی خستە سەر کۆمپانیایەکی سەر بە ڕێکخراوی حیزبوڵڵای لوبنان کە لە بەشی “ئەلشوهەدای لوبنان”ـدا چالاکی دەکرد. هەر لەو پێوەندییەدا سێ کەس بە ناوەکانی “محەممەد عەلی”، ” شیخ یوسف عاسی” و ” جەواد نوورەدین”، بەهۆی هاوکاربوون لەگەڵ دامەزراوەی ئەلشوهەدای لوبنان و کارکردن بۆ حیزبوڵڵا، کەوتوونەتە لیستی ڕەشی گەمارۆکانی ئەمریکاوە.
شایانی باسە کە هەر ڕۆژی چوارشەممە، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە “ئەحمەد ئەلحەمیداوی”، بەرپرسی گشتیی کەتائیبی حیزبوڵڵای خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە. ناوبراو بەرپرس و بەڕێوەبەری گرووپە شیعەکانی عێراقە کە سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.
جێگای ئاماژەیە کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە گەمارۆدانی گرووپەکانی حیزبوڵڵادا دەورێکی بەرچاوی هەیە و هەر بە گەمارۆکانی کە خستوویەتە سەر کۆماری ئیسلامی، ئەو ڕێژیمەی تووشی دەیان جۆر قەیران و داڕمانی ئابووری کردووە.