چین لە كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا نزیك دەبێتەوە، لە ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا لە چین ٢٩ كەس گیانیان لەدەستداوە و ئەوەش كەمترین ڕێژەی چەند ھەفتەی ڕابردووە لەو وڵاتە.
لێژنەی نیشتمانیی تەندروستیی چین بڵاوی كردۆتەوە، لە ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٢٩كەس بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و بەوەش ڕێژەی قوربانیان گەیشتە دوو ھەزار و ٧٤٤ كەس. ھەروەھا ٤٣٣ كەسی دیكەش تووشی ڤایرۆسەكە بوونە و بەمەش ڕێژەی تووشبووان لە چین گەیشتە ٧٨ ھەزار و ٥٠٠كەس.
ئەو ئامارە لە كاتێكدایە کە چین لە كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكە نزیك دەبێتەوە و تا دێت ڕێژەی تووشبووان دادەبەزێ و ئەو ژمارەیەش كەمترین ئاستە لە چەند ھەفتەی ڕابردوودا.
شایانی باسە کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئێران لە دوای چین زۆرترین ئاستی گیان لەدەستدانی هاووڵاتیانی تێدا تۆمار کراوە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی و ناکارامەیی و نابەرپرسایەتی کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.