وەزارەتی تەندروستیی عێراق گەشتکردنی بۆ چەند وڵاتێکی جیهان قەدەغە کرد کە یەکێک لەو وڵاتانە ئێرانە.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق، چەند ڕێوشوێنێکی بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا ڕاگەیاند کە یەکێک لە بڕیارەکانی قەدەغە کردنی گەشتکردنە بۆ هەریەکە لە وڵاتانی چین، ئێران، ژاپۆن، کۆرەی باشوور، تایلەند، سەنگافوورە، ئیتاڵیا، کوەیت و بەحرین، وهەروەها هاتنی هاووڵاتییانیشی لەو وڵاتانەوە بۆ عێراق قەدەغە کرد .
جگە لەو ڕێوشوێنانەش وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، پشکنینی تەندروستی بۆ هەموو گەشتیارێک دەکرێت کە ڕوو دەکاتە عێراق .
جێی ئاماژەیە، لە عێراق تاوەکو ئێستا چوار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون کە خەڵکی کەرکووکن و لە ئێران تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون و دوای گەڕانەوەیان لە ئێرانەوە خراونەتە ژێر چاودێرییەوە.
شایانی باسە هەر لە وڵاتی ئێرانەوە ئەو ڤایرۆسە گوازرایەوە بۆ چەند وڵاتی دیکەی جیهان و لە بڕیارێکی بەپەلەدا چەند وڵاتێک گەشتەکانیان بۆ ئێران ڕاگرت و دەروازەکانیان بەڕووی ئەم وڵاتەدا داخست.