لە ئێران ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە زیادبووندایە و ئەوەش بۆتە مەترسییەکی گەورە بۆسەر ژیانی خەڵک و تا ئێستا دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەم پەیوەندیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا “مایک پۆمپیو” ڕایگەیاند، لە دوای چین، ئێران دووەم وڵاتە کە زۆرترین کەس بەهۆی کۆرۆناوە تێیدا گیانیان لەدەستدابێت و دەڵێت “ڕەنگە ئێران زانیاری گرنگی لەبارەی کۆرۆنا شاردبێتەوە و دەبێت ڕاستییەکان بڵێن”.
ڤایرۆسی کۆرۆنا کە سەرەتا لە چین سەری هەڵدا و بە جیهاندا بەخێرایی بڵاوبووەوە و گەیشتووەتە ئێران و بەهۆی خەمساردی و بەرژەوەندیخوازانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە زوویی شارەکانی ئێرانی گرتەوە، کە بەپێی دوایین ئامارەکان، نزیکەی ١٠٠ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ١٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمریکا نیگەرانە سەبارەت بەو زانیارییانەی ئێران بڵاوی دەکاتەوە ،چونکە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وردەکاری گرنگی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە وڵاتەکەی شاردبێتەوە.
پۆمپیۆ ڕاشیگەیاند، هەموو وڵاتان، لە نێویاندا ئێران دەبێت لەبارەی ڤایرۆسەکە ڕاستییەکە بڵێن و هاوئاهەنگ بن لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا.
شایانی باسە تاوەکوو ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دوو هەزار و ٧٦٢ کەس لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوەو ئێرانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی ژمارەیەکی زۆری خەڵک تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون و گیانیان لەدەستداوە.