لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوو سێ هاووڵاتی کورد، خەڵکی شارەکانی کرماشان، ورمێ و شنۆ بە شێوەی جیا جیا لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەرکران و دوای لێکۆڵینەوە بۆ گرتووخانەی ئەمنی ڕاگوێزران.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی ڕەشەمە، “حوسێن سەمەدی” کوڕی “عەلی” خەڵکی کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ئەو شارە دەسبەسەرو بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ناوبراو بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم” دەسبەسەر کراوەو تا ئێستا لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نیە.
لە لایەکی تریشەوە، ڕۆژی سێ شەممە، ٦ی ڕەشەمە، هێزە ئەمنییەکان لە شاری ورمێ هاووڵاتییەکی تریان بە ناوی ” سیروان محەممەدی” هەر بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم” دەسبەسەر کردو بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەروەها چەند ڕۆژ پێش، “پویا پەروانە” تەمەن ١٨ ساڵ، کوڕی “عەبدوڵا” لە نزیک سنووری شنۆ بە هۆکاری نادیار لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراو دوای لێکۆڵینەوە بۆ یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی شاری ورمێ ڕاگوێزرا.











