په‌نجاو نۆهه‌مین کۆڕی گشتیی ساڵانه‌ی ئاژانسی نێوده‌وله‌تیی وزه‌ی ئه‌تومی له ڕۆژی دووشه‌ممه، ٢٣ ی خه‌رمانانه‌وه ده‌ستی پێکردوه‌و تا ڕۆژی هه‌ینی، ٢٧ ی خه‌رمانان درێژه‌ی ده‌بێ.
له‌و کۆبوونه‌وانه‌دا که به‌شداریی نوێنه‌رانی ١٦٤ وڵاتی ئه‌ندام له وڵاتی ئوتریش به‌ڕێوه ده‌چێ، پرس‌و بابه‌ته‌کانی پێوه‌ندیدار به چالاکییه‌کانی ئاژانس له بواری زانست‌و تێکنۆلۆژی، هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی بڕیارده‌ری ئاژانس، ڕاپۆرتی ئه‌منیه‌تی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥، ڕاپۆرتی هاوکارییه فه‌نییه‌کانی ساڵی ٢٠١٤ و پرسی ئه‌تومیی ئێران به‌شێک له ده‌ستووری کاری کۆبوونه‌وه‌کان ده‌بن. هه‌روه‌ها زیاده تێچووی کۆنتڕۆڵ‌و پشکنینی بنکه ئه‌تومییه‌کانی ئێرانیش ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی دانیشتنی ساڵانه‌ی ئاژانس ده‌بێ.
یۆکیۆ ئامانۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزی ئه‌تومی پێشتر گوتبووی که ئاژانس بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌کانی به مه‌به‌ستی چاوه‌دێری بنکه ئه‌تومییه‌کانی ئێران زیاده له بودجه‌ی دیاریکراو پێویستیی به ١٠ میلیون و ٥٠٠ هه‌زار دۆلاری دیکه‌ش هه‌یه.
یۆکیۆ ئامانۆ له‌و باره‌وه ده‌ڵێ له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی ئه‌ندام له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌دا قسه ده‌کا، چونکی ئه‌مه گرینگیی زۆری هه‌یه.