شیرکەتێکی حکوومی ڕووسیە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە ناچاربوو پڕۆژەیەکی زەبەلاحی ڕێگەی ئاسن لە ئێراندا بەجێبێڵی.
ڕۆژی سێشەممە ٦ی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاوی، هەواڵدەریی”ئینتێرفەکس”ی ڕووسی لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند کە شیرکەتێکی حکوومی ڕووسیە کە بڕیار بوو پڕۆژەی “یەک میلیارد و دووسەد میلیون ” یۆرۆیی، بە کارەباییکردنی ڕێگای ئاسنی “گەرمسار- ئینچێ بروون “لە ئێراندا تەواو بکات، لە ترسی گەمارۆکانی ئەمریکا ناچار بە جێهێشتنی پرۆژەکە بوو و گەڕایەوە ڕووسیە.
شایانی باسە کە ڕێککەوتنی ئەم پرۆژەیە ساڵی ٩٤ی هەتاوی واژۆکرابوو بەڵام دەوڵەتی ڕووسیە تائێستا کارێکی وای لەسەری نەکردووە و کۆماری ئیسلامیش ناتوانێ هیچ شکایەتێکی هەبێ لەبەرئەوەیکە گەمارۆکانی ئەمریکای لەسەرە.
جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی و ئەو شیرکەتە ڕووسیە ڕێککەوتنی دیکەشیان لە سەر ڕێگای ئاسنی “مەشهەد- تاران و بافق- سەرەخس”کردبوو کە هەر بە هۆکاری گەمارۆکانەوە ئەوانەش ئەنجام نادرێن.