لە درێژەی ڕاگرتنی هاتووچۆی وڵاتان لەگەڵ ئێراندا ئیماراتیش بڕیاریدا گەشتەکانی بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە ڕابگرێ.
وڵاتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆڕۆنا لە ئێران هەموو گەشتەکانی بۆ ئێران وبە پێچەوانەشەوە ڕاگرت و بە فەرمی هاتووچۆی هاووڵاتییانی خۆی بۆ ئێران و ئێرانییەکانیش بۆ ئەو وڵاتەی قەدەغە کرد.
ڕۆژی سێشەممە ٦ی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاوی بەرپرسانی وڵاتی ئێمارات بڕیاری ڕاگرتنی هەرچەشنە هاتن و چوونێک بۆ ئێرانیان دەرکرد و ڕایانگەیاند بۆ ماوەی یەک حەوتوو هەموو گەشتەکان تەنانەت هێنان و بردنی باریش لە ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتە و بە پێچەوانەشەوە قەدەغەیە.
هەروەها ڕایانگەیاند کە ڕەنگە ئەو ماوەیە درێژ بکرێتەوە بۆ کاتێکی نادیار.
شایانی باسە کە بە هۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ ئێران و شاردنەوەی ڕاستییەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ مەرامی تایبەتیی هەڵبژاردن لە ٢ی ڕەشەمە، ئێران بۆتە سەرچاوەی هەناردەکردنی ئەو ڤایرۆسە بۆ وڵاتانی دەوروبەریش، هەربۆیە وڵاتانی دراوسێ وەکوو ئەفغانستان، پاکستان، عێراق و تورکیەش سنوورەکانی خۆیانیان لە گەڵ ئەو وڵاتە داخستووە و هەر چەشنە هاتووچۆیەک لە نێوان ئەو وڵاتانە و ئێراندا قەدەغە کراوە.