کاپیتانی یانەی ئیستیقلالی تاران، “وریا غەفووری” کە وەک کەسایەتییەکی دیاری وەرزشیی بەرگریکاری خەڵک هەموو کات لە بەرابەر سیاسەتە هەڵە و دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی بە هەڵوێستە بوێرانەکانی ناسراوە ئەوجار لەهەمبەر ڕانەگرتنی یاریەکانی تۆپی پێ دوای بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کڕۆنا لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هاتە دەنگ.
غەفووری بە بڵاو کردنەوەی ستۆرییەک ڕایگەیاندووە ئایا گیانی وەرزشوانان و خەڵک بۆ بەرپرسانی هیچ گرینگیەکی هەیە؟
یاریزانی کورد وریا غەفوری دەسەڵاتدارانی ئێرانی ئاگادار کردۆتەوە کە کارەساتێکی گەورە لە ڕێگە دایە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران زانیوە.
شایانی باسە کە ئەم وەرزشوانە کوردە بە هۆی هەڵوێستەکانییەوە بەردەوام لە لایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە هەڕەشەی لێکراوە و هەڵوێستەکانی وریا، خامنەییشی هێنایە دەنگ بەڵام ناوبراو هەر بەردەوامە لە ڕەخنەگرتن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران.











