لە ئێران ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە زیادبووندایە و ئەوەش بۆتە مەترسییەکی گەورە بۆسەر ژیانی خەڵک و تا ئێستا دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە سەرەتا لە وڵاتی چین سەری هەڵدا، بەهۆی خەمساردی و بەرژەوەندیخوازانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە زوویی شارەکانی ئێرانی گرتەوە. لە کاتێکدا کە هەموو وڵاتان بۆ پاراستنی گیانی خەڵکەکەیان دەروازە و گەشتەکانیان بەڕووی وڵاتی چیندا داخست، کۆمپانیای ماهان کە سەر بە سپای پاسدارانە، بەردەوام بوو لە گەشتەکانی و کرێکار و کەلوپەلی بازرگانی دەگواستەوە و ئەوەش بوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ نێو خەڵکی برسی و هەژار و وەزاڵەهاتووی ئێران و تا ئێستا بە سەدان کەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون و ئەوەش ترس و نیگەرانییەکی زۆری خستۆتە نێو خەڵک. هەر لە یەکەم ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندرووستیی ئێراندا ئاماژە بەوە کرابوو کە ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی کرێکارە چینییەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ ئێران.
هەر لە وڵاتی ئێرانەوە ئەو ڤایرۆسە گوازرایەوە بۆ چەند وڵاتی دیکەی جیهان و لە بڕیارێکی بەپەلەدا چەند وڵاتێک گەشتەکانیان بۆ ئێران ڕاگرت و دەروازەکانیان بەڕووی ئەم وڵاتەدا داخست.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا ژمارەی قوربانیان و تووشبوانی ئەو ڤایرۆسەی ڕانەگەیاندووە بەڵام بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لە نەخۆشخانەکان و بنکە تەندروستیەکان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بڵاوکراونەتەوە، ژمارەی قوربانییەکان زۆر لەوە زیاترە کە کۆماری ئیسلامی باسی کردووە.