چاودێری مافی مرۆڤ داوا دەکا کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر سەرکوتی خۆپێشاندەرانی ئێرانی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، هەنگاوی بەپەلە هەڵگرێ.
ڕۆژی سێشەممە ٦ی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاوی، چاودێری مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان داوای لەو ڕێکخراوە کرد کە پێویستە بەخێرایی بەدواداچوون بۆ قوربانیان و زیندانیانی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ڕابردوو بکا. چاودێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاند کە تا ئێستاش کۆماری ئیسلامیی ئێران ژمارەی قوربانی و زیندانییەکانی ڕانەگەیاندووە.
پێشتر ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی پاییزی ڕابردووی ١٥٠٠ کەس ڕاگەیاندبوو.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ٣ کەس لەو خۆپێشاندەرانەی لە زینداندان حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، پێنج کەسیان حوکمی ٣٠ ساڵ زیندانی کردنیان بەسەردا سەپاوە و و خەڵکێکی زۆریش تا ئێستا هەر لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدان.
مایکل پیچ جێگری بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ مافی مرۆڤ ڕایگەیاند کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیان ساڵە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ناڕازیان و خۆپێشاندەران سەرکوت دەکەن .
ناوەندی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند کە زیندانیان لە زیندانەکانی ئێڤین و ڕەجایی شار هەواڵیان بۆ ناردوون کە بەتوندترین شیوە ئەشکەنجە دەکرێن.