دەوڵەتی ئەمریکا گەمارۆی خستەسەر ١٣ کەس و ڕێکخراوی بازرگانی بە هۆکاری دەورلێدانەوەی گەمارۆ مووشەکییەکانی سەرکۆماری ئیسلامیی ئێران.
ڕۆژی سێشەممە ٦ی رەشەمەی ٩٨ی هەتاوی، “مایک پۆمپێئۆ” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وەزارەتی خەزێنەداریی وڵاتەکەی بە هۆی پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران و هەروەها کورەی باکوور و سووریە، ١٣ کەس و ڕێکخراوی لە وڵاتانی ڕووسیە، تورکیە، چین و عێراق، خستە لیستی گەمارۆکانیەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند پێنج جۆر گەمارۆمان خستۆتە سەر ئەو کەس و ڕێکخراوانە کە بێجگە لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری چەک و کەرەستەی قەدەغەکراوی ناوکییەوە بازرگانی و ئاڵوگۆڕیان لە گەڵ وڵاتی پاکستانیش هەبووە.
پۆمپێئۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی گەمارۆ خستنەسەر ئەم ١٣ کەس و ڕێکخراوە نیشانەی جیددیبوونی ئەمریکایە لەسەر گەمارۆی سەر ئەو وڵاتانە و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران، بە هۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران مەترسییەکی جیددییە بۆسەر جیهان.