خەڵکی دڵسۆزو نیشتمانپەروەری کوردستان لە ئەرکێکی مرۆڤدۆستانەدا بە هانای خەڵکی لێقەوماوی “خۆی” ەوە چوون.
بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، کۆکردنەوەی هاوکاری لە بەشێک لە شارەکانی کوردستان و بە تایبەت شنۆ و ورمێ دەستی پێکردووەو خەڵک لەم ڕێگەیەوە هەوڵدەدەن کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکان بگەیەننە ئەو ناوچانەی کە ئەو کارەساتەی تێدا ڕوویداوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بوومەلەرزەیەک سنووری شاری ورمێی لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان بە گوڕی شەش پلەی رێشتێرگرتەوەو بە هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان برینداربوون و زیانێكی زۆری ماددیش بەر خانوو و باڵەخانەی ھاووڵاتییان کەوتووەو ژمارەیەکی زۆری خەڵک بێ ماڵ و لانە ماونەتەوە.
بە پێی زانیارییەکان خەڵکی گوندی “کورتان ئاوا”، ی سەر بە ناوچەی کوتول، باسیان لەوە کردووە کە بوومەلەرزەکە زیانێکی زۆری بە ماڵ و خانووەکانیان گەیاندووەو پێویستیان بە هاوکاری و بە هاناوە چوون هەیەو وەک دەگوترێ لە لایەن ڕێژیمەوە هیچ ئاوڕێکیان لێ نەدراوەتەوەو ناچارن لە دەرەوە بمێننەوە.
وەک دەگوترێ تەنیا هەندێک یارمەتی کەم و سەرەتایی بەدەستی خەڵک لەو ناوچانە گەیشتووە، ئەویش لە لایەن چالاکانی مەدەنی و خەڵکی دڵسۆزی شارەکان کۆکراوەتەوە.
جێی ئاماژەیە، لە کاتی ڕوودانی هەر کارەساتێکی سروشتی لە ئێراندا، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسەڵات کەمتەرخەمەو وەک پێویست پێڕاگەیشتن بۆ ئەو ناوچانە ناکات و نایهەوێت کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات، لە نموونەی ئەمەدا دەتوانین ئاماژە بە بوومەلەزەکەی شاری کرماشان بکەین کە دوای تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تاوەکوو ئێستا ئەو وەعدەو بەڵێنانەی لە لایەن دەسەڵاتەوە پێیان درابوو وەک خۆی ماوەتەوەو خەڵک هەروا لە نێو چادرو کانێکسەکان دەژین و لە هەر چەشنە پێڕاگەیشتنێکی پەروەردەیی، تەندروستی و کۆمەڵایەتی بێبەشن و ئەو هاوکاری و کەلوپەلانەی کە بەدەستیشیان گەیشتووە لە لایەن خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان و کەسانی دڵسۆزەوە بوو کە وەک دەگوترا زۆرجار دەسەڵات ڕێگر بوو لە بەردەم گەیاندنی هاوکارییەکانی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە.
شایانی باسە ،ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بانگەوازێكدا داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە بە هانای خەڵکی لێقەوماوە بچن.











