تەنیا لە چوار ڕۆژدا زیاترلە ٧٢ هەزار واژۆ بۆ دادستاندنی قوربانیانی فڕۆکە ئوکراینییەکە کۆکرایەوە.
تەنیا ٤ ڕۆژ پاش داوای “حامید ئیسماعیلیوون” لە بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بۆ دادستاندن و بەدواداچوونی کوژرانی کەس و کاریان لە لایەن سپای پاسدارانەوە زیاتر لە ٧٤ هەزار واژۆ کۆکرایەوە.
بنەماڵەی کوژراوانی فڕۆکەکە لە یەکەمین نامەی خۆیاندا نووسیویانە: “ئێمە وەکوو بنەماڵەی کوژراوانی فڕۆکە ی ٧٥٢ی ئۆکڕاین کە بە دەستی سپای پاسداران خرایە خوارەوە، داوا لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە هاوڵاتییەکانیان لەو فڕۆکەدا بووە و کوژراوە یارمەتیدەرمان بن بۆ ئەوەیکە بتوانین بکوژانی ڕۆڵەکانمان ئاشکرا بکەین و ئەوەش بە سپاردنی سندووقی ڕەشی فڕۆکەکە بە دادگایەکی سەربەخۆی نێونەتەوەیی و هاوکاری وڵاتانی دیکە دەستەبەر دەکرێ.
شایانی باسە کە لەو فڕۆکەدا کە بە دوو مووشەکی سپای پاسداران و بە ئەنقەست خرایە خوارەوە، ١٧٦کەس گیانیان لەدەستدا و کۆماری ئیسلامی پاش چەند ڕۆژ شاردنەوەی ڕاستییەکان، لە ژێر گوشاردا دانی بەوەدا نا کە فڕۆکەکە بە مووشەکی سپای پاسداران خراوەتە خوارەوە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێ ئامادە نییە سندووقی ڕەشی فڕۆکەکە ڕادەستی هیچ وڵات یان ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی بکا و ڕاستییەکان دەشارێتەوە.