کۆمپانیای ئاسمانیی وڵاتی تورکیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، گەشتەکانی بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرتووە.
لە درێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە یەکەمجار لە وڵاتی چینەوە سەری هەڵدا، ڕاگەیاندنەکان لە چەند شارێکی ئێران ئاماری تووشبوون و گیان لەدەستدانی چەندین کەسیان بەو ڤایرۆسە بڵاو کردەوە. هەر بەو هۆیەوە وڵاتی تورکیە کە پێوەندیی چڕوپڕی لەگەڵ ئێران هەیە و لە لایەکیشەوە هاوسنووری ئەو وڵاتەیە، گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئێران ڕاگرت. کۆمپانیای “تورکیش ئێیرلاینز” کە گەشتەکانی بۆ ئێران بەردەوامبوون، ڕۆژی دووشەممە ٥ـی ڕەشەمە بۆ ماوەیەکی کاتی گەشتەکانی خۆی بۆ ئێران ڕاگرت. ئەو کۆمپانیایە ڕایگەیاندووە کە بڕیار بووە فڕۆکەکان سەفەری چوار پارێزگای تەورێز، ئیسفەهان، شیراز و مەشهەد بکەن کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەو چەند گەشتە هەڵوەشاوەتەوە و هەروەها گەشتی هەوایی تورکیە بۆ تارانیش بۆ دوو جار کەمکراوەتەوە.
شایانی باسە کە سنوورەکانی تورکیە و ئێران بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئێران، داخراون و هیچ هاتوچۆیەک لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا نییە.