لە دانیشتنی شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ڕێژیمدا، سەرۆکی ئیتلاعاتی ئێران دژایەتی خۆی بۆ قەرەنتینەکردنی شاری قوم ڕاگەیاند .
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، لە کۆبوونەوەی شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ڕێژیمدا کە بۆ بارودۆخی شاری قوم لە پاش ئاشکرابوونی کورۆنا و شاری قوم وەکوو سەرچاوگەی ئەو نەخۆشیە پێکهاتبوو، بڕیاربوو بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی شارەکانی دیکەی ئێران، شاری قوم قەرەنتینە بکرێ، بەڵام لەبەر دژایەتیکردنی “حوسێن تائێب” سەرۆکی ئیتلاعاتی سپای ڕێژیم و چەند کەسی دیکە پێش بەو کارە گیرا.
حوسێن تائێب گوتی: “قوم شارێکی پیرۆزە و بە قەرەنتینەکردنی ئەو شارە دەبینە گاڵتەجاڕیی دەستی دوژمنان هەر بۆیە نابێ قوم قەرەنتینە بکرێ”.
شایانی باسە، کە کۆماری ئیسلامی پێشتر ڕەتی دەکردەوە کە کۆڕۆنا هاتبێتە ئێران و بەردەوامیش بوو لە هەناردن و هاوردەکردنی گەشتیار بۆ چین، فڕۆکەوانی ماهان کە سەربە سپای پاسدارانە دەوری سەرەکی لە هاوردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئێران هەبوو.
جێگای ئاماژەیە کە نوێنەری قوم لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو کە تا ئێوارەی یەکشەممە ٥٠ کەس لەو شارە بە هۆی نەخۆشی کۆڕۆناوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم و لەوانە وەزیری تەندروستیی و جێگرەکەی ئەم ئامارانە ڕەت دەکەنەوە.