ڕۆژی سێشەممە ٦ـی ڕەشەمە، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی تیمێکی پێکهاتوو لە پسپۆڕانی پزیشکی ڕەوانەی وڵاتی ئێران دەکا تاکوو لە نزیکەوە چاوەدێری بەسەر دۆخی تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنادا بکەن.
بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی خێرای ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاندووە، کە وڵاتی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و ئەو ڤایرۆسە لە کاتێکی کەمدا، ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵکی نەخۆش کردووە. هەر بۆیە چەند کەس لە شارەزایانی پزیشکیی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە بۆ ئێران دەنێردرێن تاکوو هاوکاری دەرمانی و چارەسەری نەخۆشەکان بکەن و پێش بە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو یان حاڵەتێکی لەناکاوی تەندروستی بگرن.
دوای بڵاوبوونەوەی ئامارە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ئێران تا ئێستا ١٢ کەس بەهۆی تووشبوون بەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە و بەو شێوەیە کە بەرپرسان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە، ٦٤ کەس لە خەڵکی ئێران تووشی ڤایرۆسەکە بوونە.
جێگای ئاماژەیە کە پارلەمانی کۆماری ئیسلامیش هەر لەو پێوەندییەدا گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتووی وڵاتی خستە دواوە.
بەڵگەکان و ئامارە فەرمییەکانی ئێران کە وەزارەتی تەندروستی بڵاوی دەکاتەوە، لەگەڵ بڵاوکراوەکانی مەجلیس و بەرپرسانی باڵای ڕێژیمدا یەک ناگرنەوە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی دڵەڕاوکێی زیاتری خەڵکی ئێران.
شایانی باسە، کە لە زۆربەی شارەکانی ئێران هاتووچۆی بەکۆمەڵی خەڵک بۆ نموونە بە ئوتوبووس و تاکسییەکان نابینرێت و خەڵک کەمتر لە پێشوو دێنە دەرەوە. زۆربەی قوتابخانەکان و زانکۆکان داخراون و لە ترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەندێ ناوەندی کاری و پەروەردەیی دیکەش لە شارەکانی ئێران کە مەترسیی پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەسەرە ، داخراون.