بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئێران، وڵاتانی دراوسێ سنوورەکانیان بەڕووی ئەو وڵاتەدا داخست.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆڕۆنا، هەموو وڵاتانی جیهان بۆ پێشگیری لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکانیان ڕێکاری توندیان گرتەبەر. گەشتەکانی چینییان بۆ وڵاتەکانیان ڕاگرت یا لە فڕۆکەخانە و سنوورەکان تیمی تایبەت بەو ڤایرۆسەیان دیاریکرد هەتا تێستی ئەو کەسانە بکەن کە جێگەی گومانن.
کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە کە گیانی خەڵکی بەلاوە گرینگ نییە، بە خاتری سات و سەودا بازرگانییەکانی نەک هەر گەشتەکانی ڕانەگرت، بەڵکوو هیچ ڕێکارێکی بۆ پێشگیری لەو ڤایرۆسە نەگرتە بەر و هاتووچۆ و گەشتەکانی خەڵکی دوو وڵاتی ئێران و چین بوو بەهۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ نێوخۆی ئێران. هەر لەم پێوەندییەدا وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند کە کرێکارانی چینی ڤایرۆسەکەیان گواستۆتەوە بۆ نێوخۆی ئێران.
کۆماری ئیسلامی کە لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی مەجلیس دابوو و خەڵک بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنیان دابوو، بەهەموو شێوەیەک دەرکەوتنی ڤایرۆسەکەی لە خەڵک و میدیاکان شاردەوە بۆ ئەوەی خەڵک بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و ڕیژیم لەوە زیاتر ڕیسوا نەبێ، هەر ئەوەش بوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە و ئاکامەکەی بوو بەهۆی داخستنی سنوورەکانی وڵاتانی دراوسێی ئێران بۆ ئەوەی بتوانن خەڵکی خۆیان لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ وڵاتەکانیان بپارێزن.