وڵاتی تورکیە یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ڕادەی ژن کوشتن بەشێوەیەکی بەردەوام لە پەرەسەندندایە.
تورکیە وڵاتێکە کە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدەکەن و بە تایبەت کەسانێک کە ناتوانن لە ئێران درێژە بە ژیان بدەن پەنا دەبەنە بەر وڵاتی تورکیە تا بتوانن ژیانێکی ئاسوودە تێپەڕ بکەن یا لەو ڕێگەوە بچنە وڵاتێکی ئەمن و ئارام و دوور لە توندوتیژی.
بەگوێرەی ئاماری ڕێكخراوێكی تایبەت بە ئافرەتان، ژن كوشتن لە توركیا ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر دەبێت و تەنیا ساڵی ڕابردوو ٤٧٤ ژن كوژراون، چالاكڤانان هۆكارەكەی بۆ نەبوونی سیاسەتێكی ڕوونی حكوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان دەگێڕنەوە.
بە گوێرەی ئاماری (پلاتفۆرمی تاوانەكانی دژ بە ژن ڕادەگرین) كە ڕێكخراوێكی ژنانە و لەسەرتاسەری توركیە ناوەندی چاودێری و بەدواداچوونی هەیە ڕایگەیاند کە ئاماری كوشتنی ژنان ساڵ لەدوای ساڵ دەچێتە سەر و بە شێوەیەک کە لە١١ ساڵی ڕابردوودا ٢٧٢٠ ژن لە و وڵاتەدا كوژراون.
ئەو ڕێکخراوە لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ: “تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا تورکیەکان وایان لە خەڵک کردووە کە وادەزانن تورکیە وڵاتێکی ئازادە و دێموکراسی تێیدا حاکمە، بەڵام وڵاتێکی دواکەوتووی سەدەکانی نێوەڕاستە و بە تایبەت بۆ ژنان مەترسییدارە”.