خەڵکی ناوچەکانی مەرگەوەڕ لە پارێزگای ورمێ وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین بە کارو بڕیارەکانی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ورمێ دەڵێن لەو فشارو زوڵمو حەقکوژییانە وەزاڵە هاتوون.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد ڕێکخراوی سەرچاوە سروشتییەکانی ورمێ هەوڵی داگیرکردنی زەویو زاری خەڵکو نانەوەی کێشەو ئاژاوە لە نێوان ئەواندا دەدا.
بەگوێرەی ئەو هەواڵە بانگکردنی وەرزێرەکان بۆ ئەو ئیدارەو تۆمەتبارکردنیان بە کێڵانی بوورەو زەوییەکانی سەر بە ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانو جەریمەکردنیان بەشێک لەو فشارانەیە لەو ماوەیەدا دەخرێتە سەر خەڵکی وەرزێڕی ئەو ناوچەیە.
لە نوێترین نموونەشدا وەرزێرێکی بێ ئەنوای خەڵکی گوندی ” سێ گرکان” بانگ کراوەتە ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانو تۆمەتبار بە کیڵانی بوورەی نێو زەوییەکەی و ناچار بە دانی یەک میلیۆن تمەن جەریمە کراوە.
ڕەحیم شیری، ئەو وەرزێڕەی گوندی “سێ گرکان” دەڵێ تۆمەتبارکردنی ئەو بە کێڵانی بوورەو زەوییەکانی ئەو ئیدارەیە بوختانەو خەڵکی گوندەکە دەزانن کە ئەو و باوکی زیاتر لە ٦٠ ساڵە لەسەر ئەو زەوییانە کار دەکەنو بابو پشت ئی خۆیان بووە، نەک ئی سەرچاوە سروشتییەکان.