ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور لە ڕاگەیەندراوێکدا سپای پاسدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی مەحکووم کرد.
ڕۆژی شەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی، ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور هەڵسوکەوتی سپای پاسدارانی ئێرانی لە پێوەندی لەگەڵ هەواڵنێران و ڕێپۆرتێران مەحکووم کرد.
ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاند کە هەڵسوکەوتی سپای پاسداران لەگەڵ هەواڵنێران ژێر پێنانی یاسا نێودەوڵەتیەکانە.
ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور ئاماژەی بە ناوی محەممەد ساعد، مازیار خوسرەوی، یاسەمەن خالقیان، مەولوود حاجیزادە، یەغما فەشخامی، ئێحسان بەداغی و شەبنەم نزامی کردووە کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە ڕاپێچی زیندان و دادگا کراون.
ئەو ڕۆژنامەنووسانە تا کاتی دادگایی کردن و حوکمەکەیان، ئەکاونتەکانیان داخراوە و ناتوانن کەڵکی لێوەربگرن.
جێی ئاماژەیە کە ئێران لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا هەردەم مافی ڕۆژنامەنووسان و ڕێپۆرتێرانی پێشێل کردووە و ساڵی ڕابردووش دەیان کەس لە ڕۆژنامەنووسان کەوتنە زیندان و ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ ئێرانی بە زیندانی ڕۆژنامەنووسان ناوبرد.