ڕۆژی هەینی ٢ی ڕەشەمە، هەڵبژاردنی مەجلیسی ڕێژیم لە ئێران بەڕێوەچوو. هەروەک پێشنینی دەکرا، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و کوردستان، بەشدارییەکی بەرچاویان لەو بەناو هەڵبژاردنەدا نەکرد.
ئاکامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنی مەجلیسی ڕێژیم لە ئێراندا کە لەلایەن دەزگا پێوەندیدارەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، نیشان دەدا لەنێوان سەدا ٢٥ بۆ ٣٠ی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەشدارییان لەو بەناو هەڵبژاردنەدا کردووە. ئەوە لەحالێکدایە وەک هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە کۆماری ئیسلامیدا ساختەکاری و دەستێوەردان لە دەنگەکان هەیەو، لەوهەڵبژاردنەشدا بەرچاو بووە، بەتایبەت، پاش ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند بۆ دەنگدان پێویست بە پەنجەمۆر ناکات، شیمانە دەکرا ڕێژەی ساختەکارییەکان بەرز بێتەوە. هەربۆیەش ڕێژەی ڕاستەقینەی بەشداربووان لەو هەڵبژاردنەدا ڕەنگە زۆر کەمتر لەوە بێ کە دەسەڵاتداران ڕایانگەیاندووە. هەر ئەوەی کە خودی ڕێژیم ڕایدەگەیەنێ دەیان کەس بەهۆی کڕین و فرۆشی دەنگەکانەوە دەسبەسەر کراون نیشانەیەکە لە ساختەکاری سیستماتیک و فێڵ و تەڵەکە لەو هەڵبژاردنەدا.
بەشداریکردنی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە هەڵبژاردنی دەورەی یازدەهەمی مەجلیس بۆ ڕێبەرانی ڕێژیم گەلێک گرینگ بوو، هەر بۆیەش هەردوو باڵی دەسەڵات، سەرەڕای ناکۆکیی قووڵیان و هەروەها ناڕەزایەتی ڕووحانی و ڕێفۆرمیستەکان لە ڕەدی شیاوی بەربژێرەکانیان لە لایەن شووڕای نیگەهبانەوە، بانگەشەی بەشداریکردنیان لەو بەناو هەڵبژاردنە دەکرد. ڕێژیم لەتەواوییەتی خۆیدا بەنیاز بوو بە ڕاکێشانی هەرە زۆری خەڵکی بۆسەر سندووقەکانی دەنگدان، بە بیروڕای خەڵکی ئێران و جیهان بڵێ کە ئێستاش جێگە و پێگەی لە نێو گەلانی ئێراندا هەیە و نیزامی کۆماری ئیسلامی بێبەدیلە. بەڵام هەروەک پێشبینی دەکرا خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، ئەو خەڵکەی کە لە بەفرانباری ٩٦ و لە خەزەڵوەری ٩٨ لە زیاتر لە سەد شاری گەورە و بچووکی ئێران، شەقام و گۆڕەپانەکانیان کردە مەیدانی بەربەرەکانی لەگەڵ سەرکوتکەران؛ هاواریان دەکرد کە کۆماری پەت و سێدارەیان ناوێ، ئامادە نەبوون لەو بەناو هەڵبژاردنەدا بەشدار بن. زۆرینەی خەڵکی ئێران دەیانزانی بەشداربوون لە هەڵبژاردنێکدا کە نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵکی تێدا نییە و تەنیا ڕەواییدانە بە سیاسەت و کردەوە دژیگەلییەکانی ڕێژیم، چاوپۆشیکردنە لە خوێنی بەناحەق ڕژاوی قوربانییانی سەرکوت و کوشتاری ڕاپەڕینەکانی بەفرانبار و خەزەڵوەر و بێ وەفاییە بەرانبەر بە هەزاران بریندار و دەسبەسەرکراو کە هەرئێستا لە بەندیخانەکانی سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجەدان.
دەتوانین بڵێین کە گەلانی ئێران بە بەشداری نەکردنیان لەو بەناو هەڵبژاردنەدا “نا”یەکی دیکەیان بە کۆماری ئیسلامی گوت و بە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمیان گوت کە ئەو ڕێژیمەیان ناوێ و دەسەڵاتداران بە زەبری چەک و هێز و سەرکوت کۆماری ئیسلامییان ڕاگرتوە و شەرعییەت لە گەل وەرناگرێ