لە ڕێوڕەسمێکدا کتێبی ” خەباتگێڕێکی پڕاگماتیست “، یادنامەی شەهید میرزا ڕەحمان پیرۆتی پەردەی لەسەر لادرا.
ڕۆژی پێنجشەممە، 1ی ڕەشەممە لە ڕێوڕەسمێکدا کە لە شاری هەولێر و بەبەشداریی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵێک لە هاوسەنگەرانی شەهید ڕەحمان پیرۆتی و کۆمەلێک کەسایەتیی سیاسی و ڕاگەیەندکار بەڕێوەچوو، لەگەڵ ڕاگەیاندنی چاپ و بڵاوبوونەوەی “خەباتگێڕێکی پڕاگماتیست ” و باس لە نێوەرۆکی ئەم کتێبە کە یادنامەی شەهید ڕەحمان پیرۆتییە؛ یاد و بیروەریی ئەو شەهیدە گەورەیەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرز ڕاگیرا.
لەم ڕێوڕەسمەدا سەرەتا ژیوار ڕەسووڵی باسێکی کورتی لەسەر کتێبی چاپکراوی ” خەباتگێڕێکی پڕاگماتیست ” کرد و دواتر ناسر پیرۆتی، کوڕی شەهید ڕەحمان پیرۆتی لە وتەیەکی کورتدا تیشکی خستە سەر ئامانج و مەبەستیان لە ئامادەکردن و چاپی ئەم یادنامەیە. ناسر پیرۆتی گوتی مەبەستمان لە چاپی ئەم کتێبە هەر ئەوە نەبووە کە کتێبێک لەبارەی شەهیدێکی نیشتمانەوە نووسرابێ، بەڵکوو پێمانوایە کە بوونی ئەم جۆرە کتێبانە لەوانەیە بتوانێ کەلێنێک لە مێژووی نەنووسراوی خەباتی نەتەوایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پڕ بکاتەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا حەسەن شێخانی، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وتارێکدا تیشکی خستە لایەنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیریی شەهید ڕەحمان پیرۆتی و ئەزموونەکانی لە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتدا.
حەسەن شێخانی لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی: “خاڵێکی بەرجەستە کە لە ژیانی سیاسیی کاک ڕەحماندا خۆی دەنوێنێ، ئەوەیە کە قەت هەڵوێست و بیروبۆچوونەکانی نەشاردۆتەوە و بە ئاشکرا و بێپێچوپەنا و، بێ گوێدانە بەرژەوەندیی تاکەکەسی، دەریبڕیون. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کاک ڕەحمان ئەوە بوو کە هەمیشە دەغدەغەی نەهێشتنی کەموکوڕییەکان و باشتر کردنی ڕەوتی خەباتی هەبووە و ڕەخنە و پێشنیاری خۆی خستۆتە روو و خەسارناسیی ئێستا و ڕابردووشی کردوە. کاک ڕەحمان بــە شــێوەیەکی عەقڵانــی و بــەدوور لــە هەیەجــان و هەســت و ســۆز بیــری دەکــردەوە و لــە سیاســەتدا ڕەچــاوی هاوکێشــەی نێــوان ســوود و زیانــی دەکــرد.”
ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەوە ک”ە ئەولەوییەتــی کاک ڕەحمان پیرۆتی مافەکانــی کــورد بــوون، نــەک ڕووخانــی رێژیمەکان. ئــەو زۆر وردبینانە پێی وابوو گەیشــتن بــە مــاف لــە خۆیــدا ئامانجە و هەرچەنــد دەکــرێ بڵێیــن کــە گەیشـتن بــە مــاف، بــە ڕووخانــی کۆمــاری ئیسـلامیدا تێدەپــەڕێ، بــەڵام دروســت نیــە لە جیاتــی مــاف، ئەولەوییەتمان ڕووخانــی رێژیــم بــێ. لــە سیاسەتدا نامومکیــن، نامومکینــە و هیـچ رێژیمێکیــش بــە رەزا و پێخۆشـبوونی خۆی بچووکتریــن پاشەکشە نــاکا، بــەڵام ئەگەر فشاری لەسەر بــوو و نەیتوانی خۆ ڕابگرێ، ناچارە پاشەکشە بـکا.”
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم کۆڕیادەدا مستەفا شێخە پەخشانێکی خۆی خوێندەوە کە لە یەکەم ساڵیادی لەدایکبوونی شەهید ڕەحمان پیرۆتی لەدوای شەهیدبوونی لە پەلامارە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامیدا نووسیبووی.
قسەکردن لەسەر کەسایەتیی شەهید ڕەحمان پیرۆتی لەلایەن حەسەن کاکیلی، هاوسەنگەرێکی دیکەی شەهید ڕەحمان و خوێندنەوەی شێعرێک لە پەسنی شەهید و پێشمەرگە لەلایەن ڕەسووڵ سوڵتانی و دابەشکردنی کتێبی “خەباتگێڕێکی پڕاگماتیست ” چەند بڕگەیەکی دیکەی ئەم کۆڕیادە بوون.