بەهۆی دوو هێرشی جیاجیا بۆ سەر دوو شوێن لە شەقامەکانی ئاڵمان ٨ کەس کوژران.
پـۆلیسی ئاڵمان ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی دوو هێرشی چەکداریی جودا بۆ سەر دوو کافتریا و شوێنی کێشانی نێرگەلە لە شارۆچکەی “هاناو”ی ڕۆژهەڵاتی شاری فرانکفورت ٨ کەس کوژراون.
پـۆلیسی باشوری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی “هێسن” بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە کاتی ئاڵمان ڕایگەیاند، لە کاتژمێر ١٠ی شەوی ڕابردوو چەکدارێک یان چەند چەکدارێک لە ناو جەرگەی شاری هاناو لە ناوچەی هیومارکت تەقەیان بەنێو کافتریایەکی نێرگەلە کێشاندا کردووە و پاشان لە مەیدانی “کورت- شوماخێر” لە ناوچەی”کیسیلشتات”یش تەقەیان لە کافتریایەک کردووە و بەهۆیەوە ٥ کەسی دیکە کوژراون و ڕایانکردووە.
لە ئێستادا هێزەکانی پـۆلیس هەوڵی دۆزینەوەی ئەنجامدەر یان ئەنجامدەرانی هەردوو هێرشەکە دەدەن.
جێی ئاماژەیە هەینی ڕابردوو پـۆلیسی ئاڵمان کۆمەڵێک ڕەگەزپەرستی ئاڵمانی دەستگیرکرد کە بە نیازبوون هێرشبکەنە سەر چەند مزگەوتێک بە هاوشێوەی ئەوەی کرایە سەر مزگەوتەکەی نیوزیلاند لە ساڵی ڕابردوودا.
لە پاش سەرهەڵدانی داعش و هێرشی خوێناوی لایەنگرانی ئەم گروپە بۆ سەر خەڵکی سیڤیل لە چەند شارێکی ئورووپا، ئاکامی خراپـیان هەبووە بەسەر کەسانی ڕەگەزپەرست بە تایبەتی ئەوانەی لە دژی کۆچبەرانن.