ڕۆژی دووشەممە ٢٨ ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی، هەواڵدەریی فەرانسە بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک هەواڵی پێوەندی تەلەفۆنیی دۆنالد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیەی ئاشکرا کرد.
دۆنالد ترامپ لە پێوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەردۆغان نیگەرانی خۆی لە زیاد بوونی کێشەکان لە سوریە دەربڕیوە و هاوکات داواشی کردووە دەبێ ڕووسیە پشتیوانیەکانی لە بەشار ئەسەد کۆتایی پێبێنی.
هەواڵی ئەو پێوەندیە تەلەفۆنیە بە فەرمی لە لایەن کۆشکی سپی پشت ڕاست کراوەتەوە و باس لەوە دەکرێ کە دۆنالد ترامپ بەرامبەر زیاد بوونی کێشەکان لە ناوچەکەدا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.
ئەرتەشی سوریە هێرشەکانی خۆی لە ئیدلب و هەروەها پاریزگاکانی دەوروپشت بە تایبەت لە حەمما، حەلەب و لازقیە زیاد کردووە. بە پێی هەواڵی ڕۆیتێرز ئەرتەشی ئەسەد سوورە لەسەر کۆنترۆكردنەوەی ئەو ناوچانە.
دەوڵەتی تورکیە لە شەڕی ئدلب سورە لەسەر پشتیوانیکردنی هێزە تیرۆریستیەکان، بەڵام لە دوای پێشڕەویە سەربازیەکانی سوریە و هەروەها بۆردومانی ئاسمانی چەندین ناوچە کە لە ساڵی ٢٠١٢ بەولاوە لە ژێردەستی تیرۆریستە ئیسلامیەکانی تورکیەدابوون بە تایبەت گوند و شارە بچوکەکانی حەلەبی گرتووەتەوە، تورکیە سەرەڕای بانگەشەی مانەوە، هەندێ ناوچەی چۆڵکردووە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەرەتای دەسپێکردنی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی سووریە دژی دەوڵەتی ئەسەد، لە ڕێگەی هێزە چەکدارەکانیەوە پشتیوانی لە ئەسەد کرد و لەو کاتەوە تا ئێستا دەیان هەزار کەس لە خەڵکی سووریە بە دەست هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و خەڵکێکی زۆر ئاوارە و دەربەدەر و ماڵوێران بووە.
چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریە ڕایگەیاندووە لە سەرەتای هێرشەکانی سوریە و ڕووسیە بۆ سەر ئدلب ٨٠٠ هەزار کەس لەو پارێزگایە ئاوارە بوون .