ڕێژیمی ئێران هەموو ساڵێک لە لایەن ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤەوە بە هۆی پێشێلکردنی توندوتیژانەی ئەم مافە ئیدانە دەکرێ. لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا کە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٩ی بەفرانبار بڵاو بووەوە؛ بە ڕەخنەگرتن لە “دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران” ڕایگەیاند: “لە ساڵی ٢٠١٩دا، لانیکەم ٢٤٠ کەس لە پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەسبەسەر کراون.”
ئەم کەسانە چالاکی بوارەکانی ژنان، ژینگەپارێزی، کەمینەکان، کرێکاران و … بوون و بە شێوەیەکی “سەرەڕۆیانە” دەسبەسەر کراون.
لەم ڕاپۆرتەدا باس لە بەردەوامیی گرتن و دەسبەسەرکرانی چالاکانی مافی مرۆڤ، هەڵاواردنی دژبە ژنان، گوشار خستنەسەر کەمینە ئایینییەکان، ئەشکەنجە کردن لە زیندانەکاندا، ئێعدامی منداڵان وەک گرینگترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، کراوە.
هەروەها بە ئاماژەدان بە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی خەزەڵوەر، دەڵێ: “بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان لە ئاکامی سەرکوتی ئەم ناڕەزایەتییانەدا زیاتر لە ٣٠٠ کەس کە لەنێویاندا منداڵانیشی تێدا بوو کوژراون و هەزاران کەسیش دەسبەسەر و ژمارەیەکی بەرچاویش بێسەروشوێن کراون.”
ئەوەی کە لەم ڕاپۆرتەدا باس لە کوژرانی ٣٠٠ کەس دەکرێ لە کاتێکدایە کە پێشتر هەواڵنێریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا ژماری کوژراوانی ئەم ناڕەزایەتییانەی ١٥٠٠ کەس ڕاگەیاندبوو.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەر هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەیان لەگەڵ کراوە و دراونەتە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی زۆر توند.
هەروەها ئەم ڕێکخراوە نێونەتەوەییە کە داکۆکیکاری مافی مرۆڤە ئاماژەی بە هەندێک ڕاپۆرت کردوە و دەڵێ: “چەندین کەس لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەر لە زیندانەکاندا گیانی خۆیان لەدەست داوە.”