دوای چەند کۆبوونەوە دەوڵەتی ئەمریکا و تاڵیبان قەرارە ڕێککەوتنی ئاشتی واژۆ بکەن.
ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بڵاوی کردۆتەوە کە وتەبێژی نووسینگەی سیاسیی تاڵیبان لە شاری دۆحە ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا هەتا کۆتایی مانگی فێوریە واژۆ دەکرێ.
وتەبێژی نووسینگەی سیاسیی تاڵیبان لە قەتەر گووتویەتی دانوستانەکانی ئاشتی تاڵیبان لەگەڵ ئەمریکا کۆتایی پێهاتووە و بە زووی بەڵگەی ڕێککەوتنەکە ئامادە واژۆ دەکرێ.
ئەمریکا و تاڵیبان زیاتر لە ساڵێکە ١١ خولی وتووێژیان لە دۆحەی قەتەر بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی ئەنجام داوە.
بە پێی ڕێککەوتنەکە ئەمریکا بە فەرمی و هێدی هێدی کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان دەستپێدەکات و لە بەرابەردا گرووپی تاڵبان کۆتایی بە هێرشەکانی بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی بە ڕێبەریی ئەو وڵاتە دێنێت.
بە پێی ئەو ڕێککەوتنە تاڵیبان بۆ ماوەی یەک حەوتوو هێرشەکانی رادەگرێت و لە بەرابەردا ئەمریکا دەست دەکات بە کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان. لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەو ڕەوتەدا، دوو لایەن بەڵێنیان داوە دانوستانەکان بە بەشداری هەموو لایەنەکانی ئەفغانستان بەڕێوە بچێت. لەو دانوستانەدا هەموو لایەنەکانی ئەفغان بە تایبەت هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە بەشداری دانوستانەکان دەکەن.
لەو ڕێککەوتنەدا تاڵیبان بە شێوەی مەرجدار ئامادەیی خۆی بۆ قەبوڵکردنی گرتنەبەری ڕێبازی سیاسی لە ئەفغانستان دەربڕیوە. بەرپرسی جێبەجێکاری حکومەتی ئەفغانستان ڕۆژی دووشەممە بە پێشوازیکردن لە یەکلابوونەوەی ڕێککەوتنی ئاشتی تاڵبان و ئەمریکا، ڕایگەیاند ئەو ڕێککەوتنە دەرفەتێکە بۆ سەلماندنی ئیرادەی تاڵیبان بۆ جێگیرکردنی ئاشتی لە ئەفغانستان.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی ئەم ڕێکەوتنەی پێ باش نییە و بەردەوام هەوڵیداوە لە وڵاتانی دراوسێدا شەڕو ئاژاوە بنێتەوە و لە ناکۆکی و دووبەرەکی گەلان بە قازانجی خۆی کەلک وەربگرێ.