سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوەکانی زانکۆی تاران دەڵێ: بە پێی ڕاپرسییەک تەنیا لەسەتا ٢٤ی خەلکی تاران بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا دەکەن.
ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕیبەندانی ٩٨ی هەتاوی، ئەحمەد نادری سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی تاران ڕایگەیاند، بە پێی ڕاپرسییەک کە سەرەتای مانگی ڕێبەندان لە لایەن ئەم دامەزراوەیەوە کراوە، تەنیا لەسەتا ٢٤ی خەڵکی تاران بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن.
ناوبراو هەروەها بە ئاماژەدان بەو ڕاپرسییە وتی: خەڵکی ئێران لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و حکوومەتەکەیان ناڕازین و ئەو ڕاددە کەمەش کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشێکی زۆریان بە ناچاری و لە ژێر زەخت و گوشاری حکوومەتدا دەنگ دەدەن.
بە پێی ئاماری ئەمجارەی وەزارەتی نێوخۆی وڵاتی ئێران نزیکەی ٥٨ میلیون کەس مافی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن.
جێگای ئاماژەیە کە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی کۆماری ئیسلامی لە لایەن زۆربەی ئۆپۆزیسیون و ڕێکخرا وە سیاسی و مەدەنییەکانی نێوخۆی ئێران و دەرەوەی ئێرانەوە بایکۆت کراوە و داوایان لە خەڵک کردووە کە بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا نەکەن کە تەنیا بۆ مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.