خولێکی فێرکردنی ڕێنووسی زمانی کوردی لە گوندی سیاومەی سەر بە شاری بانە کە لە لایەن مامۆستایانی خۆبەخشەوە بەڕێوەچوو سەرکەوتوانە کۆتایی پێهات.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەدرێژەی کار و چالاکی فەرهەنگی دڵسۆزانی گەلەکەمان و چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی کوردستاندا، لە گوندی “سیاومە” سەر بە شاری بانە کە ماوەیەک لەمەوبەر لە لایەن دڵسۆزانی فەرهەنگ و ئەدەبیی کوردی و ئەنجوومەنی “کانی” خولی فێرکردنی زمانی کوردی بۆ ئۆگرانی زمانی کوردی ڕێکخرابوو، پاش فێربوونی قوتابیان و پێدانی بڕوانامەی زمانی کوردی لەلایەن بەڕێوبەرانی ئەم کلاسانەوە سەرکەوتوانە کۆتایی پێهات و ڕێژەیەکی بەرچاو لە کچان و کوڕانی کورد فێری خوێندن و نووسینی زمانی دایکی خۆیان بوون.
لەم ڕێوڕەسمەدا کە لە شەوی ٢٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوییەوە بەڕێوە چوو، کۆمەڵێک لە شاعیران و هونەردۆستان و ئۆگرانی زمانی کوردی تێیدا بەشدار بوون و چەند شێعر و پەخشان پێشکەشکران و مامۆستا عەزیز عەلەوی بەرپرسی ئەنجوومەنی “کانی” بڕوانامەی فێربوونی زمانی کوردی دایە قوتابیانی بەشدار لەم خولەی فێربوونی زمانی کوردیدا.
کۆڕی سروودی “گزنگەکانی هیوا”ی سیاومە سروودی خوایە وەتەنیان پێشکەش کرد و دواتر ئەحمەد محەممەدی پەیامی قوتابیانی پێشکەش کرد و سپاسی هەوڵ و زەحمەتەکانی ئەنجومەنی کانی کرد. عایشە شەریفی یەکێک لەو قوتابیانە بوو کە پێشتر لە خوێندن بێبەش بوو، بەڵام ئەمجارەیان بەشداری ئەو خولەی زمانی کوردی بووە و داوای لە دایکان و باوکان کرد کە مناڵەکانیان هان بدەن بۆ ئەوەی کە بخوێنن.
لەکۆتایی بەرنامەکەدا، مامۆستا عەزیز عەلەوی وتارێکی پێشکەش کرد و هەروەها سپاسی میوانان و بەشدارانی ڕێوڕەسمەکەی کرد.
شایانی باسە کە داگیرکەرەکان هەمووهەوڵی خۆیان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردان و گەلانی دیکەی ئێران داوە و بە تایبەت لە ڕێگەی سەپاندن و بە فەرمیکردنی زمانی خۆیانەوە و ئیزن نەدان بە خوێندنی زمانی دایکی خەڵکی کورد و گەلانی دیکەی ئێران هەوڵی یەکدەستکردنی کۆمەڵگەی ئێرانیان داوە بۆ ئەوەیکە بتوانن ئاسان بەسەریدا زاڵ بن و دەسەڵاتی خۆیان پەرەپێبدەن، بەڵام لە کوردستان هەمووکاتێک دڵسۆزان و نیشتمانپەروەرانی کورد دژ بەو هەوڵەی داگیرکەران وەستاونەتەوە و بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان زمانی شیرینی کوردییان فێری منداڵان و لاوانی ئەم نیشتمانە کردووە.