لە بەرەبەری ٢ی ڕەشەمە کە بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک دیاریکراوە، چالاکییە فەرهەنگییەکانی تایبەت بەو یادە لە شار و گوندەکانی کوردستان و کوردانی دەرەوەی کوردستان دەستیپێکرد.
چالاکوانان و خەمخۆرانی زمان و وێژەی کوردی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ئەمساڵیش لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، وەکوو شادەماری نەتەوایەتی، بە ڕێکخستنی کەمپەین و کەناڵی تایبەت بەو ڕۆژە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، توانیویانە سەرنجی خەڵکی کوردستان بۆ ئەو پرسە گرینگ و نەتەوەییە ڕابکێشێن.
لەو پێوەندییەدا چاپەمەنیی مانگ لە شاری بانە بە دەرکردنی بانگەوازێک کێبڕکێیەکی جوانی لە نێوان منداڵان و بنەماڵەکانی کورد ڕێکخستوە.
چاپەمەنی مانگ داوای لە بنەماڵەکان کردووە کە گرتە ڤیدیۆیەکی ١ خولەکی لە کاتی خوێندنی کتێبی درسیی منداڵان و خویندنەوەی شێعر و هەڵبەست بە زمانی کوردی بۆ ئەو ناوەندە بنێرن و دواتر خەڵات بەسەر ١٠٠ منداڵدا دابەش دەکرێ.
هەروەها ئەنجومەنە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی دیکەی کوردستانیش چالاکییەکانی خۆیانیان لەو پێوەندییەدا دەست پێکردوە.
شایانی باسە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانیش بە پێکهێنانی کۆمیتەی زمانی دایک، کۆمەڵێک چالاکی لەو پێوەندییەدا بەڕێوە دەبات.











