لیندزی گراهام سناتۆری کۆماریخوازەکانی ئەمریکا ڕۆژی ڕابردوو وێڕای ناوبردنی کۆماری ئیسلامی بە شێرپەنجەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، گووتی: “چارەسەری قەیرانەکانی لوبنان، سوریە و عێراق بەستراوەتەوە بە دوورخستنەوە ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا”.
گراهام لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆنفرانسی مونیخ گوتی کە ئامانجی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکییە و ئەگەر چەکی ناوکی بەدەست بێنێ، بەکاریشی دێنێ.
ئەو سناتۆرە کۆماریخوازە گوتی: دەوڵەتی ترامپ بڕیاریداوە لە بەرابەر ئەوەدا بانکێکی سووتەمەنی ئەتۆمی ئوروپایی، سوتەمەنی ئەتۆمی بەسەر ئێران و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابەش بکات و لەو پێوەندییەشدا ئەگەر کۆماری ئیسلامی مەرجەکانی ئێمە قبووڵ بکا ئامادەین گەمارۆکانی سەر ئەو ڕێژیمە هەڵگرین.
ئەو ئەندامەی کۆماریخوازەکانی مەجلیسی سنای ئەمریکا گوتی: ئەوە جێگرەوەیەکە کە واشنگتۆن بۆ ڕێککەوتنی بەرجام لەگەڵ ئێران پێشنیاری کردووە.
گراهام، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری هەموو ئەو کێشانە زانی کە ناوچەکە لەگەڵی ڕووبەڕوویە و لەو چوارچێوەدا باسی لە ڕۆڵی قەیران خوڵقێنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی عێراق، سوریە، یەمەن و لوبنان کرد.