سەرنووسەری هەواڵدەریی ئیلنا ڕایگەیاندووە کە چەند بەربژێرێکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران داوای لەسێدارەدانی ڕۆحانی دەکەن.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی ئەلعەڕەبیە و ڕادیۆ پەیامی ئیسڕائیل، سەرنووسەری ئیلنا کە سەربە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە تویتێکدا نووسیویەتی: چەند بەربژێرێکی نوێی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ڕاشکاوانە داوای لەسێدارەدانی ڕۆحانی دەکەن بۆ ئەوەیکە ناوبراو لەم دواییانەدا ڕایگەیاندبوو ئەگەر هەڵبژاردنێکی ئازاد بەڕێوەنەچێ کۆماری ئیسلامی دەڕووخێ و هەروەها ڕەخنەی لە شۆرای نیگەهبان گرتبوو بە بۆنەی ڕەتکردنەوەی لەڕاددەبەدەر و هەڕەمەکی بەربژێرانی ئەم دەورەیەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران.
فاتمە مەهدیانی سەرنووسەری ئیلنا لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا نووسیویەت کە چەند بەربژێرێکی نوێی مەجلیس هاتوونەتە دەفتەری ئیلنا و بە ئاشکرا باس لە لەسێدارەدانی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری کۆماری ئیسلامی دەکەن و دەڵێن کە ئەگەر دەنگ بێننەوە ئەوەڵین کارێک کە دەیکەن کار بۆ لەسێدارەدانی ڕۆحانییە.
ناوبراو دۆخەکەی بە دۆخێکی مەترسیدار زانی و وتی مەگەر لەم قۆناغەدا تەنیا خودا بەزەیی پێماندا بێتەوە.
بەڵام شارەزایانی سیاسی دەڵێن ئەمە شانۆیەکی دیکەی خامنەییە بۆ گەرمکردنی بازاڕی هەڵبژاردنەکان و بەلاڕێدابردنی بیری گەلانی ئێرانە بۆ ئەوەی کە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوڕای ئیسلامیدا بکەن.