ستادی تەبلیغیی بەربژێرەکانی مەجلیسی یازدەهەم دەستی پێکردووە، بەڵام بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر بە ساردی بەڕێوەدەچێ و خەڵک ڕوو لەو ناوەندانە ناکەن.
بەپێی ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوون، خەڵک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیج ئەهمییەتێک بە هەڵبژاردن و بەربژێرەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی نادەن و ڕوو لە ناوەندە تەبلیغییەکان ناکەن.
لەگەڵ ئەوەی کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە بە نیگەرانی و بێ هیواییەوە سەیری هەڵبژاردن و بەربژێرەکانی مەجلیسی ڕێژیمیان کردووە، بەڵام ئەمجارەیان بە پێچەوانەی جارانی پێشوو، بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر بە ساردوسڕی بەڕێوە دەچێ و خەڵک هیچ گرینگییەک بە هەڵبژاردن نادەن.
ئەمجارەیان بەربژێرەکان بە پێچەوانەی ویستی خەڵک و داواکاریی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، کەسایەتی و ئازادیخوازانی ئێرانی، بۆ خاتری پاراستنی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییە شەخسییەکانیان ڕیزی خۆیان لەڕیزی خەڵک جیا کردەوە و خۆیان بەربژێر کرد و هەر کامە و ناوەندێکی تەبلیغاتی کردۆتەوە بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک بۆلای خۆی ڕابکێشێ و دەنگی پێبدەن، بەڵام خەڵک بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتی کردن، گرینگی بە بەربژێرەکان نادەن و ناوەندە تەبلیغییەکان بێ مشتەرین.
هەڵبژاردنی مەجلیسی یازدەهەمی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێ کە ڕێژیم لە هەموو لایەکەوە لەژێر گوشار دایە و ئەمجارەیان بە پێچەوانەی جارانی پێشوو بە بیانووی باڵ باڵێن و قەول و بەڵێنیێ درۆ ناتوانن خەڵک بکێشنە سەر سندووقەکان و گەلانی ئێران بەو قەناعەتە گەیشتوون کە هەر دوو باڵی ڕێژیم سیاسەتیان هەر سەرکوت و کوشت و کوشتاری خەڵک و زیندان و سێدارە و برسیەتییە. حەسەن ڕووحانی سەرەڕای ئەو ئەو قەول و بەڵینە کە لە پێش هەڵبژاردنەکان بە خەڵکی دابوو، دەرکەوت کە نەک هەر ناتوانێ هیچ ئاڵووگۆڕێک پێک بێنێ بەڵکوو لە دەورانی نابراودا بە هەزاران کەس کوژران و لە سێدارە دران و برسیەتی و نەهامەتی لە هەموو کات زیاتر ڕووی لە خەڵک کردووە و هەر بۆیە ئێستا بەلای گەلانی ئێرانەوە هەر دوو باڵ لە یەک قوماش و سیاسەتی هەر دوو باڵ هەر دژایەتی خەڵک و سەرکوتی ئازادیخوازان و برسی کردنی هەژارەکانە و فریوی سیاسەتی چەواشەکارانەی لایەنەکان ناخۆن و باوەڕ بە هیچکامیان ناکەن.
جێی ئاماژەیە کە ئەمجارەیان حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتییەکان و خەڵک بەگشتی هەڵبژاردنیان بایکۆت کردووە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەنەدراوێکدا داوای لە خەڵک کردووە کە نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و هەڵبژاردنی مەجلیسی یازدەهەم بایکۆت بکەن.