بڕایان هوک نوێنەری تایبەتی وەزاڕەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران دەڵێ: هەڵبژاردن لە ئێرانی ژێردەسەلاتی کۆماری ئیسلامیدا شانۆیە و براوەکانی ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختە، دیاری کراون.
ناوبراو ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕێبەندان لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە پێوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم، روو لەخەڵکی ئێران دەڵێ: رێژیم دەیهەوێ ئێوە باوەڕ بکەن کە ئەو هەڵبژاردنە، ئازاد و عادڵانەیە، بەڵام دەنگدان و دانانی نوێنەران، بە نەهێنی و زۆر زووتر لە ٢١ فێورییە، واتە ٢ی ڕەشەمە ئەنجام دراوە. ئاخوندەکان براوە و دۆڕاوەکانی ئەو بەنێو هەڵبژاردنەیان، پێش ئەوەی خەڵکی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان دیاری کردووە.
بڕایان هوک لە لێدوانەکەیدا ئاماژە بە کێشەکانی کۆماری ئیسلامی دەکا و دەڵێ: ڕێژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران لەگەڵ قەیرانی ئێعتبارو ڕەوایی بەرەوڕوویە و ئەوە ئابڕووچوونێکە کە خودی ڕێژیم لێی بەرپرسیارە.
پێشتر “مایک پۆمپێئۆ” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تۆیی پەیامێکدا وێڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانی خۆی بۆ خەڵکی ئێران گوتبووی ڕێژیم خەریکی دستکاری و ساختەکارییە لە هەڵبژاردنەکەی مەجلیسدا.
هەروەها “مۆرگان ئۆرتێگاس” وتەبێژی وەزاڕەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکاردانەوەیەکدا بە ڕەتکردنەوەی شیاویی بەربژێرەکان لە هەڵبژاردنی مەجلیس لەلایەن شووڕای نیگەهبانەوە کە سەر بە خامنەییە، گوتی: ئەوانەی سەڵاحییەتیان پەسند کراوە هەموویان وەک یەک دەچن و سەر بە باڵی دەستڕۆیشتووی ڕێژیمن. ئۆرتێگاس لە توئیتێکدا نووسیبووی شووڕای نیگەهبان کە ئەندامانی لە لایەن خامنەییەوە دەسنیشان دەکرێن، زۆرینەی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئێران شیاویان ڕەتکراوەتەوە و بێ هۆ نییە کە بەربژێرەکانی پەسندکراو بۆ هەڵبژاردن، هەموویان وەک یەک دەچن.
شایانی باسە هەڵبژاردنی مەجلیس یازدەهەم لە ٢ی ڕەشەمەی داهاتوو بەڕێوەدەچی و حیزب و ڕێکخروە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان، ئەو هەڵبژاردنەیان بایکۆت کردووە و وێناچی بەشداری خەڵکی ئێران لەو بەناو هەڵبژاردنەدا بەرچاو بێ. دیارە هەردووباڵی ڕێژیم هەوڵی زۆریان داوە ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵکی زیاد بێ و بەو پێیە بە بیرووڕای خەڵکی لە ئێران و جیهان بڵێن ئەوانەی دێنە سەر سندووقەکان و دەنگ دەدەن، پشتیوانی نیزامی کۆماری ئیسلامین و بەوشێوەیە ڕەوایی لەدەستچووی خوی بکڕێتەوە.