مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاوکات لە گەڵ ئاماژە بە دەسبەسەرداگرتنی کەشتییەکی ئێرانی کە چەکی بۆ حوسییەکانی یەمەن دەگواستەوە داوای دڕێژکردنەوەی ماوەی گەمارۆ سەربازییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.
پۆمپێئۆ ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا وێنەی ئەو مووشەکە ئێرانیانەی کە هێزی دەریایی ئەرتەشی ئەمریکا دەستی بەسەردا گرتبوو، بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە هێزی دەریایی ئەمریکا دەستی بەسەر ٣٥٨ مووشەکی دروستکراوی ئێران و کەرەستە و چەکی دیکەشدا گرتووە کە کۆماری ئیسلامی دەیەویست بۆ حوسییەکانی یەمەنیان بنێرێ.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها وتی: “ئەمە نموونەیەکی بەرچاوی پێشێلکاری بڕیارنامە و بەڵێننامەکانی شورای ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانە لە لایەن گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە دنیادا و وڵاتانی دنیا نابێ شەڕخوازی و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرچاونەگرن، بۆیە ئیستا دەبێ هەوڵبدەین بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆکانی بواری چەک و تەقەمەنی سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە خەریکە ماوەیان بەسەر دەچێ.