سپای پاسداران لە پێوەندی لەگەڵ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە سنە هەڕەشەی لە چالاکانی مەدەنی کردوە.
بە پێی ڕاپۆڕتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڕەشەی لێدان و پەروەندەسازیی چالاکانی مەدەنی لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی سپای پاسدارانەوە لە پێوەندی لەگەڵ بایکۆتی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە. بە پێی هەواڵی گەیشتوو بەو ناوەندە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە لایەن کەسانێکی ناسیاو کە سەربە سپای پاسدارانن، لە شاری سنە چالاکانی مەدەنی ئەو شارە خراونەتە ژێر فشار و هەڕەشەیان لێکراوە کە ئەگەر درێژە بە چالاکییە سێنفی و مەدەنییەکانیان بدەن، بەرەوڕووی لێدان و ئازاری جەستەیی و پەروەندەسازی دەبنەوە.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندوە،کەسێک بە ناوی “ئەسعەد شەبڕەنگ” کە لە بەکرێگیراوانی بەسیجی سپای پاسدارانی سنەیە، هەڕەشەی لە کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە کردوە. ئەو بەکرێگیراوە، لە پێوەندی لەگەڵ بایکۆتی هەڵبژاردن، هەڕەشەی لێدان و پەروەندەسازیی لە چالاکانی مەدەنی کردوە.
ئەسعەد شەبڕەنگ ئەندامی پایەگای بەسیجی ڕەجایی سنە و گوردانی عاشوورای سپای بەیتولموقەددەسە کە لە کاتی ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی مانگی خەزەڵوەردا، دەستی هەبووە لە ئازار و ئەشکەنجە و کوشتنی خۆپێشاندەراندا.
شایانی باسە هەموو حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، زۆربەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ئازادیخوازان هەڵبژاردنی مەجلیسی یازدەهەمی شۆڕای ئیسلامیی ئێرانیان بایکۆت کردوە.