ڕاوێژکاری وەزارەتی دەروەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ـی ڕێبەندان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لەگەڵ مایک پۆمپێئۆ لە واشێنگتۆن چاوپیکەوتنی هەبووە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ـی ڕێبەندان “فەرحان بن فەیسەڵ”، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان و مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆبوونەوەیەکیان پێکهێنا. ئەو دوو کاربەدەستە لە دیدارەکەیاندا باسیان لە بابەتە هاوبەشەکان و بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و عەرەبستان و دەستتێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا کرد. مورگان ئورتگاس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: “ئەو دوو وەزیرە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو ڕێژیمە تێکدەرە و دەبێ هەردوو وڵاتی ئەمریکا وعەرەبستان بۆ پاراستنی ناوچە و وڵاتانی دەوروبەری کەنداو هەوڵی زیاتر بدەن. وەزیری دەرەوەی عەرەبستان سەبارەت بە هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر عەرەبستان، پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک دەیەوێ دژایەتیی خۆی لەگەڵ عەرەبستان نیشان بدا. لە کۆتایی دانیشتنەکەدا هەردوو لایەن پێداگرییان لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی دەبێ دەست لە کارە ئاژاوەگێڕییەکانی لە ناوچەدا هەڵبگرێ و بۆ هاوکاریی زیاتری نێوان عەرەبستان و ئەمریکا هەندێ بەرنامەی کارییان هێنایە بەرباس و قسەیان لەسەر کرد.