کەسایەتیەکی فەرهەنگی و خۆشناوی خەڵکی شاری سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی ڕێبەندان، “محەممەد پووریان” کەسایەتیی دیار و فەرهەنگی شاری سەقز کۆچی دوایی کرد.
ناوبراوهونەرمەندێکی گەورەی بواری خۆشنووسی بوو کە گرینگییەکی زۆری بە بواری فەرهەنگی داوەو دامەزرێنەری ئەنجومەنی خۆشنووسیی شاری سەقز بووە،هەروەها لە کەسایەتییە دیارو کاریگەرەکانی خەڵکی سەقزو شارەکانی تری کوردستان بوو، کە بە باوکی خۆشنووسی لە شاری سەقز ناوی دەرکردبوو.
ئەم هونەرمەندە لە ماوەی چوار دەیە تەمەنی خۆیدا ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیانی فێری خۆشنووسی کردوەو لەسەر دەستی ئەو پەروەردەبوون.
هەروەها ناوبراو لە ماوەی کارکردنیدا دیوانی “نالی”ـی بە قەڵەمی خۆی نووسیوەتەوەو بۆ ماوەی ٤ ساڵ کاری لەسەر کردوەو لە بواری خۆشنووسیشدا بە دەیان تابلۆی جوانی بەرهەم هێناوە.
شایانی باسە، کە تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی شاری سەقز،و بە بەشداری ئەدیبان ، هونەرمەندان و دۆست و خزمانی بە خاک سپێردرا.