بارودۆخی خراپی ئابووری لە ئێراندا بەهۆی گوشارە دەرەکییەکان و نەبوونی بەرنامەو پلانی پێویست بۆ ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کێشەکان زیاتر دەکات.
بە پێی ڕاپۆڕتی بڵاوکراوەی ” نود اقتصادی”، بودجەی ئاوەدان کردنەوە بەرەبەرە لە ئێراندا لادەبرێ.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتوە، لەگەڵ ئەوەی بودجەی ئاوەدانکرنەوە یەکێک لە بەشە گرینگەکانی گەشەی وڵاتە، بەڵام بە پێی لێکۆڵینەوەکان دابینکردنی بودجەی ئاوەدانکردنەوە لە ماوەی ۲۲ی ساڵی ڕابردوودا بۆ قەرەبووکردنەوەی تێچووەکانی دەوڵەت، بەرەبەرە لە بودجەی دەوڵەتدا وەلادەنرێ.
بە پێی لێکۆڵینەوەکان باس لەوە کراوە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا، لە ساڵی ۱۳۷٦ی هەتاویدا تەرخانکردنی بودجەی ئێران بۆ ئاوەدانکردنەوە لەسەتا ٤٥ بووە، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا بە رێژەیەک کەمی کردوە کە بووەتە لەسەتا ١٨ و ئەمساڵیش بە پێی لیکۆڵینەوەکان دابەزیوە بۆ لەسەتا ١٤ کە بە پێی ئەو ئامارو زانیارییانە خەریکە ئەو بودجەیە، لە بودجەی ساڵانەی ئێراندا نامێنێت.
هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دیکەی کەمکردنەوەی ئەو بودجە، دەگەڕێتەوە بۆ ۷۱ هەزار پڕۆژەی تەواو نەکراو لە ئێراندا کە هێندێکیان بۆ نزیک بە ۳۰ ساڵ پێش دەگەڕێنەوە.
بە پێی ئەو زانیارییانە زۆرترین ڕێژەی کەمبوونەوەی بودجەی ئاوەدانکردنەوە لە ساڵی ۱۳۹۰هەتاوی بووە.
شایانی باسە، بەردەوامی گوشارەکان و گەمارۆکان لە لایەن ئەمریکاو وڵاتی ئوروپایی، ڕۆژ لە ڕۆژ ئابووری ئێران بەرەو دۆخیکی نالەبار دەبا و لەو نێوەدا بەشی زۆری بودجەی وڵات بۆ دابین کردن و بەرهەمهێنانی چەک و چۆڵ و برەودان بە کردەوە تیرۆریستیەکان و لە وڵاتانی ناوچەدا خەرج دەکرێت و بارودۆخی ژیانی خەڵکیش بەردەوام بەرەو خراپی دەچێ.