لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ کۆڵبەر لە سنوورەکانی پاوە و پیرانشار بریندار بوون.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی “نەبی ئەحمەد پەناه” لە سنوورەکانی ئەو شارە بە هۆی سەرماوە تووشی نەخۆشی بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی پیرانشار کراوە و لە ژێر چاودێری پزیشکی دایە.
هەر وەها کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی پیرانشار بە ناوی”محەمەد فەقی زادە” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە سەختی بریندار بوو.
ئەو کۆڵبەرە ئێستا لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پیرانشار لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و باری تەندروستی ناجێگیرە.
هەر لەو پێوەندییەدا لە بەرزاییەکانی سنووری “شۆشمێ”ی شاری پاوە هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٦ ساڵیان بە ناوی “پەیمان عەبدی” ئەزیەت و ئازار داوە و بە سەختی بریندار بووە.
شایانی باسە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە کۆڵبەران کە بۆ پەیداکردنی بژێوی سەرەتایی ژیان خەریکی کۆڵبەرین، لە سنورەکانی نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبنە قوربانی، ئەم کۆڵبەرانە کە بەشی زۆریان بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانەوە دەکوژرێن یا بریندار و نقوستان دەبن، هیچ ڕێوشوێنکی یاسایی بۆ تەقەکردن لەو کۆڵبەرانە لەبەرچاو ناگیرێت و بەشێکی زۆریان گیان لەدەست دەدەن و دواتریش هیچ لایەنێک لە بەرامبەر ژیانی بنەماڵەکانیان خۆیان بە بەرپرس نازانێ و هیچ قەرەبوویەکیش ناکرێنەوە.











