لە ٤١ ساڵەی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، ئەمجارەیان خەڵک بەشداریی ڕێپیوانەکانی ٢٢ی ڕێبەندانیان نەکرد.
هەرلە پەلکوتانی سەرەتایەوە بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات، کۆماری ئیسلامی هەوڵیداوە چەواشەکاری هەموو ڕوودا و و ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران و جیهان و تەنانەت مرۆڤایەتیش بکا وکەڵک لە داخراوەیی میدیایی و سنووری هاتووچۆ و ڕوانین و بیرکردنەوەی خەڵک و هەروەها کەڵکوەرگرتن لە هەموو ئیمکانات و کەرەستەی ڕاگەیاندن و پەروەردە وبە گشتیی دام و دەزگا حکوومەتییەکان بگرێ و تاڕاددەیەکی زۆریش لە بەڵاڕێدابردنی ڕوانین و بیرکردنەوەکان بە تایبەت لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران سەرکەوتوو بوو.
یەک لەو ڕۆژ و بۆنەگەلەی کە کۆماری پەت و سێدارە بەردەوام بۆ ڕەواییدان بە دەسەڵاتی خۆی بەسەر خەڵکی ئێراندا و بۆ نیشاندانی بنەمای پتەوی خۆشەویستی خەڵک بۆ دەسەڵات و تێکەڵبوون و بەشداریی خەڵک لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا کەڵکی لێوەرگرتووە و توانیویەتی تا ئەندازەیەک ڕاستییەکان لە چاوی بیروڕای گشتیی جیهان بشارێتەوە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان کە بەردەوام لەو ڕۆژەدا توانیویەتی بە شێوازی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو خەڵک بکێشێتە سەرشەقام و بۆ زیندوو ڕاگرتنی خۆی هەناسەیەک هەڵکێشێ، بەڵام هەروەک دیتمان ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ ڕێک بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو دەرخەری بێهێزی و شەلی وداماوی و دەرکەوتنی دەمووچاوی شەمشەمەکوێرەکانی جەماران بوو.
ئەمساڵ نەک هەر خەڵکی مافخواز و وریای ئێران بەشداریان لە شانۆی ٢٢ی ڕێبەنداندا نەکرد، بەڵکوو هەڕەشە و گوشار لەسەر دەستوپێوەندییەکانی خۆیشی بێکاریگەر بوو و نەیتوانی خەڵک ناچاربکا وەکوو ساڵان بەشداری لە ڕێپێوانی ئەو ڕۆژەدا بکەن. دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین کە ئەو فیلم و وێنانەی کە لە شارەکانی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە تەنیا یەک واتای هەیە ئەویش وەرینی کوڵک و پۆی کۆماری ئیسلامییە لە تەمەنی ٤١ ساڵەی دەسەڵاتی ڕەشی ئەو ڕێژیمە بەسەر ئێراندا.