چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوان و کوڕی شەهیدێکی حیزبی دێموکڕات بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی ڕێبەندانی ١٣٩٨، “خەبات ئەحمەدی”، کوڕی شەهید “مەنسوور ئەحمەدی”، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی “نێ”ی مەریوان بە هۆی نەخۆشیەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو، یەکێک لە کەسانی دڵسۆزو نیشتمانپەروەری ناوچەی مەریوان و ئەندامی ئەنجومەنی “سەوزی چیا”ی مەریوان بوو کە هەمیشە بە دڵسۆزیەوە ئەرکی ژینگەدۆستی و ژینگەپارێزی خۆی وێڕای هاوڕێیانی ئەندام لە ئەنجومەنی سەوزی چیا بەجێ دەگەیاند.
شایانی باسە، ئەنجومەنی سەوزی چیا، یەکێک لە ئەنجومەنە چالاکەکانی شاری مەریوان و دەورووبەریەتی، کە ساڵانە بە ئەرکی کەسانی دڵسۆزی ژینگەپارێز، چەندین چالاکی ژینگەیی لە پێوەندی لەگەڵ پاراستنی ژینگە، هەوڵدان بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە پرس و بابەتەکانی ژینگە، پێشگرتن لە سووتانی دارستانەکان و بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان بەڕێوەدەبات.
جیی ئاماژەیە کە تەرمی ناوبراو لەنیو ئاپۆرای خەلکی نیشتمانپەروەری مەریواندا بە ئاڵای کوردستانەوە بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرخۆسی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری خەبات ئەحمەدی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











