چوار هاووڵاتی کورد کە پێشتر لە زیندانی ناوەندیی مەهاباد بەندکرابوون، ڕەوانەی زیندانی بۆکان کران.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی ڕێبەندان، چوار زیندانیی کورد بە ناوەکانی “محەممەد ئەلیاسی”، “هیوا قوربانی ئەقدەم” خەڵکی گوندی “قەرەگۆل”و “مەنسوور شارەبان” خەڵکی گوندی “برایم ئاوا” و “هەژار عەباسی” خەڵکی گوندی گوێجەلی”ـی شاری بۆکان، کە لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد دەسبەسەر کرابوون، بۆ زیندانی شاری بۆکان ڕاگوێزران.
جێی ئاماژەیە، ئەو چوار بەندییە کوردە، دوای دە مانگ لە بەندکرانیان تاوەکوو ئێستا دادگایی نەکراون و دادگا حوکمەکەی دیاری نەکردوون و دۆسیەکەیان لای دادوەر ڕاگیراوە.
جێی بیرهێنانەوەیە،ڕۆژی شەممە، ١٨ی خاکەلێوە، هەریەک لە “محەممەد ئەلیاسی” و “هیوا قوربانی ئەقدەم” لە لایەن پایەگای “قەرە مووساڵی”ـیەوە، بانگهێشت و دواتر دەسبەسەر کراون.
هەروەها، هەر یەک لە ” مەنسوور شارەبان” و “هەژار عەباسی”، بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم” لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.











