ئەمڕۆ ٢٢ی ڕێبەندان، ٤١ ساڵ بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێران و دەسەڵاتی ڕەشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا تێدەپەڕێ.
دوای ٤١ ساڵ لە شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی حەمەڕەزاشای پەهلەوی و ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی و لەگۆڕنانی سەڵتەنەت، دەبینین کە زوڵم و زۆر و دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆتایی پێنەهاتوە و ئەمجارەیان نەک لەژێر سێبەری تاج و تەختی پاشایەتی، بەڵکوو لەژێر عەبا و عەممامەوە، دیکتاتۆری، زوڵم و ستەم، خوێنڕشتن و سەرکوت هەر بەردەوامە.
لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییدا، گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی حەمەڕەزشا ڕاپەڕین بۆ ئەوەی کە ژیانێکی باشتر و دوور لە داپڵۆسین و زیندان و ئەشکەنجە تێپەڕ بکەن، بەڵام ئاخوندە کۆنەپەرەستەکان سواری شەپۆلەکانی شۆڕش بوون و بە کەڵکوەرگرتن لە هەستی ئایینی خەڵک، سیستەمی کۆماری ئیسلامییان بەسەر خەڵکدا سەپاند و ماوەی ٤١ ساڵە کە ئەو دەسەڵاتە دژی ئینسانییە درێژە پێدەدەن.
لە ماوەی ئەو ٤١ ساڵەدا گەلانی ئێران نەک هەر نەیانتوانی بە ئازادی ژیانێکی شیاوی ئینسانی سەردەم بەسەر ببەن، بەڵکوو ژیانێکی سەخت و پڕ لە نەهامەتییان تێپەڕ کرد.
لە ماوەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندەکاندا، دیاری ئەو ڕێژیمە بۆ گەلانی ئێران، شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، شەڕی کوردستان، تاڵانکردنی سامانی وڵات، هەناردەکردنی شۆڕش، تێرۆر و تێرۆریست پەروەری، نەبوونی و نەداری، برسیەتی و بێکاری و سەرکوت و داپڵۆسین و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام بووە.
ئەمڕۆ دوای ٤١ ساڵ لە نەهامەتی، لەبەرەبەری هەڵبژاردنی ئەندامانی مەجلیسی شورای ئیسلامی دا، کۆماری ئیسلامی لە هەموو کاتێک زیاتر لە نێوخۆی و وڵات و لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەریک کەوتۆتەوە و دەیهەوێ بە بەڕێوەبردنی شانۆگەریی هەڵبژاردن بۆ جارێکیتر دەیهەوێ بۆ چەواشەکردنی بیرورای گشتیی جیهانی، بە دەنگی گەلانی ئێران دەسەلاتی ڕەشی خۆی بەسەر خەڵکی وەزاڵەهاتوودا بسەپێنێ و بە پێلانی جۆراوجۆر خەڵک ڕاکێشی سەر سندووقەکانی دەنگدان بکا.
لەمڕۆژەدا پێویستە گەلای ئێران بۆ وەڵامدانەوە بەو هەموو زوڵم جینایەت و سەرکوتکارییەی ڕێژیمی ئاخوندەکان، بایکۆتی شانۆگەریی دەنگدان بکەن و بە نەچوونتان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، دەنگی ناڕەزایەتی خۆتان بە سەرکوتکاری و جینایەت و زوڵم و زۆری ڕیژیمی ئاخوندەکان بگەیەنن و ڕۆژی دەنگدان بکەنە ڕۆژی هەڵویست و بەگژداچوونەوەی ٤١ ساڵ دەسەڵاتی ڕەشی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران.